Skip to main content

خەڵاتی کامەران

خەڵاتی کامەران، بە ناوی فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانی کامەران نەجم-ەوە ناونراوە کە لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە شاری کەرکوک لە باکووری عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ بریندارکرا و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە. ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمین جار لە لایەن مێترۆگرافی، کە ئاژانسێکی فۆتۆگرافی عێراقییە و لە لایەن خۆیەوە دامەزراوە، خەڵاتەکە بەخشرا.

خەڵاتی کامەران لە دوو خەڵاتی جیاواز پێکهاتووە، کە لە ١٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی دابەشکران.

خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی کامەران:

بەخشینی بڕی ١٢ هەزار دۆلار بە ڕۆژنامەنووسێک لە هەر شوێنێکی جیهان کە لە هەر بوارێکدا کار دەکات تاوەکو بتوانێت کار لەسەر پرۆژەیەکی درێژمەودای هەڵبژاردەی خۆی بکات. براوەکە لە لایەن کۆمەڵێک دادوەری بە ئەزموونەوە هەڵبژێردرا.

براوەی خەڵاتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٢

قازی شیبلی

قازی شیبلی، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی سرینگار، پایتەختی کشمیرە کە گرنگی بە بابەتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ دەدات. دامەزرێنەری “The Kashmiriyat” ـە کە دەزگایەکی میدیاییە و ئەو هەواڵ و ڕووداوانە ڕووماڵ دەکات لە ناوچەکە کە لە لایەن میدیا و ڕۆژنامەکانی سەر بە حکومەتەوە پشتگوێخراون. پرۆژە پێشنیازکراوەکەی قازی گرنگی بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە کشمیر دەدات.

خەڵاتی یادکردنەوەی کامەران:

دەرفەتێک بۆ تیشکخستنەسەر کارەکانی یەکێک لە فۆتۆگرافەرە ڕۆژنامەوانییەکانی دیکە کە بەهۆی پیشەکەیەوە بێسەروشوێن بووە و داواکردن لە لایەنە بەرپرسەکان بۆ چارەسەرکردنی کەیسەی.

براوەی خەڵاتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٢

ڤلاجمیر لێگانیور

ڤلاجمیر لێگانیور، فۆتۆگرافەرێکی ڕۆژنامەوانیی سەربەخۆیە لە هایتی کە کاری بۆ میدیا ناوخۆییەکانی وەکو ڕۆژنامەی Le Matin و ماڵپەڕی Loop Haït و هەروەها ڕێکخراوە ناحکومییەکان کردووە. لە کار و فۆتۆ ڕۆژنامەوانییەکانیدا گرنگی داوە بە بابەتە کلتووری و سیاسییەکان. لە کاتی بێسەروشوێنبوونیدا لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٨، ڤلاجمیر کاری لەسەر پرۆژەیەکی سەربەخۆی خۆی دەکرد لە گراند راڤین.

مێترۆگرافی

ئاژانسی مێترۆگرافی ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن کامەران نەجم، فۆتۆگرافەری کوردی عێراقی و سێباستیان مایەر، فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانیی ئەمریکییەوە دامەزراوە بە ئامانجی دروستکردنی ناوەندێکی سەربەخۆی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەربەستە نەتەوەیی، کلتووری و ئایینییەکان تێکدەشکێنێت و هانی کاری پێکەوەیی و فێربوون دەدات و گرنگی بە مێژوو و فرەرەنگی عێراق دەدات. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا مێترۆگرافی دەستخۆشی و پێزانینی جیهانی بەدەستهێناوە و کاری فۆتۆگرافەرەکانیشی لەسەر ئاستی نێودوڵەتی پیشاندراون و لە لایەن هەندێک لە میدیا هەرە بەناوبانگەکانەوە بڵاوکراونەتەوە.

کامەران نەجم

کامەران نەجم، فۆتۆگرافەرێکی کوردی عێراقییە. ساڵی ٢٠١٠ ئاژانسی مێترۆگرافی دامەزراندووە کە یەکەمین ئاژانسی فۆتۆگرافییە لە عێراق و کوردستان. کامەران لە چەندین دەزگای نێودەوڵەتی وەک رۆیتەرز و ئەسۆشیەیتد پرێس کاری کردووە و وێنەی بۆ واشنتن پۆست، ڤانیتی فێر، زە فاینانشاڵ تایمز و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری دیکە گرتووە. خاوەنی چەندین خەڵات و رێزلێنانە. گرنگترینیان ماستەرکڵاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن وۆرڵد پرێس فۆتۆوە.

لە ١٢ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە کەرکوک لە باکووری عێراق بریندارکرا و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.